نووسینی: محەمەد حەکیمی
ئەمڕۆکە عەرەبستانی سعودی لە پێوەندی نێوان کۆماری ئیسلامیو ئەمریکا نیگەرانەو ئەم نیگەرانیە ناشارێتەوە.
کێشەکانی کۆماری ئیسلامیو عەربستان تا دێت ڕووی لە زیاد بوونەو دوای شۆڕشی گەلانی ئێران، خومینی توانی دەست بەسەر شۆڕشی گەلانی ئێراند بگرێتو ئەو شۆڕشە قەبزە بکات. لە ساڵی 1357ی هەتاوی بەملاوەو هاتنەسەر کاری کۆماری ئیسلامی لە ئێران لە نێوان ئەو دوو وڵاتە، دەمەقاڵی زۆریان پێکەوە بوە. کۆماری ئیسلامی کە بە دوای پەڕەدان بە سیاسەتی خۆیەتیو دەیەوێت لە ناوچەکە هیلالی شیعە دروست بکاتو ئەم هیلالە بۆ مەبەستی بەرژەوەندیەکانی خۆیی بە کار بینێت. لە بەرانبەر ئەم بیرۆکەدا عەربستان دەبینێو عەرەبستانیش کە لەسەر دنیای نەوت نوستوەو نایەوێ شیعە ببێتە هێزێکی گەورە لە ناوچەکە.
ئێستا کە دوای زیاتر لە سێ دەیە بە سەر دەستبەرداگرتنی شۆڕشی گەلانی ئێران لەلایەن خومینیەوە تێدەپەرێت، هەر کام لەم دوو هێزە دەیانەوێت هاوسەنگی هێز بەلای خۆیاندا بشکێنەوەو ئەم هاوسەنگییە هەر تاوێک بە هۆی معادلاتی جیهانییو ڕووداوەکانی ئەم دواییەی ناوچەکە “بەهاری عەرەبی” بەلای لایەنێکدا شکاوەتەوەو ئێستاش کە کۆماری ئیسلامیو ئەمریکا خەریکن سەبارەت بە بەرنامەی ناوکی ئەو وڵاتە ڕێدەکەون، عەربستان هەست بە مەترسی دەکاتو هەر بۆیە بە توندیو بۆ ڕاگرتنی هاوسەنگی لە ناوچەکە بە هەموو شێوەیەک پشتیوانی لە وڵاتی بەحرین دەکات.
ئەمە لە حاڵێکدایە کە “مستەفا ئەلباد” بەرپرسی ناوەندی خوێندنەوەی ناوچەییو ئستراتژیکی رۆژئاوا لە قاهر دەڵێت: ئەگەر ئۆپوزسیون “واتە شیعەکان” لە بەحرەین سەرکەوتن بە دەست بێنن. عەربستان مێژووی خۆیی نە تەنیا لەم وڵاتە بەڵکوو کاریگەری لەسەر هەموو ناوچەکە لەدەست دەدات. عەرەبستان بە پشتیوانکردن لە شای سونی بەحرەینو ئێرانیش بە پشتیوانیکردن لە نارازیانی شیعەی ئەو وڵاتە شەڕێکی ساردیان دەست پێکردوەو کە کۆتاییەکەی نادیارە.
ئەمڕۆکە عەرەبستانی سعودی خەرێکە لە “خەلیجی فارس” کەنداو هێزێکی 100 هەزارکەسی بە هاوپەیمانی وڵاتانی کەنداو پێک دێنێو ئەمە دژکردەوەیە لە بەرانبەر ئەو لێکنزیکبوونەوەی ڕژیمی ئیسلامی ئێرانو ئەمریکا، عەربستان دەیەوێت بە دروستکردنی ئەم هێزە بڵێت کە وڵاتانی کەنداو تاکە هێز یان ژاندارمی ناوچەکەیەو ڕێگە نادات هیچ وڵاتێک بە تایبەتی کۆماری ئیسلامی ببێت بە هێزێکی وا کە دژایەتی عەرەبستان بکات، هەرچەن دروستکردنی ئەم هێزە ڕەنگە وڵامێکیش بێت بۆ تورکیە کە خۆی بە خاوەن یان ئیمپراتوریەی ئیسلامی لە ناوچەکە دەزانێت.
لەلاێکی دیکەوە کۆماری ئیسلامیو مەجلسی ئەو وڵاتە چەندین جار ڕخنەی توندیان لە عەرەبستانو هێزی نیزامی ئەو وڵاتە گرتوەو دەڵێن کە ئەرتەشی عەرەبستان هیچ شتێک یان بۆیەکی ئیسلامیان پێوە نییەو بە جێگەی ئەوەی هێز بنێرێت بۆ بەحرەین با ئەو هێزانەی ڕەوانەی شەڕ لەگەل ئیسراییل بکات. ‘ئەم وتانە ئاماژەیە بۆ ئەو 1000 هەزار سەربازەی کە عەربستانو وڵاتانی کەنداو بۆ یارمەتی شای بەحرەین ناردیان”. لەلاێکی دیکە عەربستانیش هەرو ئەو ڕخنە لە کۆماری ئیسلامی دەگرێتو دەڵێت ئەی ئەرتەشی ئێران بۆ ناچێتە شەڕی ئیسراییلو چەکی ناوکی بۆ جییە ئەگەر بە دژی وڵاتانی کەنداو بەکاری ناهێنێت.
لە لاێکی دیکەوە قەیرانەکان زیاتر دەبێتو عەرەبستان دەیەوێت لە ئۆپێکیش جێگەی ئێران بگرێتەوەو نەوتی زیاتر بەرهەم دێنێتو بازارەکانی نەوتی ئشباع کردوەو ڕێگەی نەداوە لەو کاتەوە کە بە هۆی گەماڕۆکانی وڵاتانی ئەمریکاو یەکێتی ئوروپا فرۆشتنی نەوتی ئێران کەمی کردوە گەیشتوەتە ئاستی 1 میلیون بوشکە لە ڕۆژدا، عەربستان بە هەموو شێوەیەک جێگەی ئەو کەموکۆڕیانەی پڕ کردوەتەوەو ئەمە نیشاندەری شەڕی ساردە کە چەندین ساڵە لەم ناوچە لە نێوان دوو وڵاتی ئێرانو عەرەبستان دەستی پێکردوە.
بۆ نموونەو بۆ ئەوەی ڕاستی ئەم وتانە دەربکەوێت ئەوا دەبینن، دوای ئەوەی کۆماری ئیسلامی هەناردەکردنی نەوتی بۆ هێندوستان ڕاگرت، عەربستان زۆر زوو ئەو بۆشاییەی پڕ کردەوەو پەیماننامەی فرۆستنی نەوتی لەگەل هێند ئیمزا کردو بە پێی ئەو بڕیارنامە عەرەبستان ڕۆژانە زیاتر لە 3 میلیون بوشکە نەوت هەناردەی هیند دەکاتو ئەمە زەربەیەکی قورسو جەڕگبری لە ئابوری ئێراندا.
ئەم کردەوە دەمەقاڵەی زیاتری لە نێوان کۆماری ئیسلامیو شای عەرەبستان دروستکرد. بە پێی ئەو پێورانەی کە لەسەرەوە باسمان کردو ئەو شتانەی کە عەرەبستان خۆیی باسی دەکات ئەو وڵاتە خۆیی بە ڕێبەری موسلمانانی سونی لە ناوچەکەو جیهانیش دەزانێتو ڕژیمی ئیسلامی ئێرانیش خۆیی بە ڕێبەری هەموو شیعەکانی ناوچەکەو جیهان دەزانێو ئەمەش وایکردوە کە دەمەقاڵی زیاتر لە نێوان هەر دوو وڵاتدا ڕوو بدات. ئەم گەمە پێویستی بە ژئوپولتیکی زیاتر جگە لە کردەوەی ئایینی هەیە فاکتگەلی دیکەی پێویستە، بۆیە هەر دوو وڵات تێدەکوشن کە خۆیان وەکوو یەکێک لە بەهێزترین وڵاتانی ناوچەکە نیشان بدەنو ئەمە وایکردوە کە هەر ڕووداوێک لە هەر کوێی ئەم ناوچە “خۆرهەڵاتی ناوین” ڕوو بدات، دەستو پەنجەی یەکێک لەم دوو وڵاتە بە تایبەتی کۆماری ئیسلامی لێ دیارە، بەتایبەتی ئەگەر ئەو شووێنە شیعەی تێدا بێت.
ئێستاش گەمەیەکی دیکە خەرێکە دیتە ئاراوە، شەڕی عەرەبو فارس لە نێوان ئەم دوو وڵاتە، دەگەڕێتەوە بۆ پێشبرکێی نێوان شیعەو سونی. ئەمە لە حاڵیکدایە کە لە 1 میلیارد موسلمان لە جیهاندا بەشی شیعەکان تەنیا لە سەدا 15یەو باقیەکەی سونین. هەر وڵاتێک لەم ناوچە یان کەمێک سونی هەیە یان شیعەو ئەمەش بۆەتە هۆی ئەوەی کە ئەم دوو وڵاتە بتوانن ڕێگە لە سەقامگیری ئەو وڵاتانە بگرنو هەر تاو نە تاوێک لە بەشێک لەو ناوچانە شەڕو ئاژاوە بنێننەوە، لە ئێراق کۆماری ئیسلامی بە پشتیوانیکردن لە “سەدرو نوری مالکی”و.. تاد عەرەبستانیش بە پشتیوانکردن لە سونیەکان، کارێکیان کردوە کە تا ئێستەش ئەم وڵاتە چاوی ئاسایشی بە خۆیەوە نەبینیوەو ئێمە لەم وڵاتە ڕۆژانە شاهیدی تەقینەوەو کوشتنین.
ئێستاش دۆخی ناوچەکە تا دێت ئاڵوزتر دەبێتو کۆماری ئیسلامی لە ئێراق هەروا کە لەسەرەوە باسم کرد بڕشتی زیاتری هەیەو لە ڕێگەی حیزبوڵڵاوە بە شێوەی ناڕاستەخۆ کاریگەری زۆری لەسەر ئەو وڵاتەو شێوەی بەرێوەبردنی حکومەتو سیاسەتی ئەو وڵاتە هەیەو هەروەها کاریگەری زۆری لەسەر حەماسی فەلەستین هەیە و لە ئەفغانستانیش هاوپەیمانی باشی هەیە. لەهەمانحاڵدا عەرەبستانیش لە ناوچەکە هاوپەییمانی باشی هەیە، لە میسر، بەحرەین، یەمەن، ئێراقو دەتوانین بڵێن تا ڕادەیەکیش تورکیا.
ئەم کردەوانەی دووڵات وایکردوە کە ناوچەکە تا دێت کێشەکانی ئاڵۆزتر دەبنو ناوچەکە زیاتر تووشی شەڕو خوێنڕشتن بوەو دەستێوەردانی هەر دوو وڵات بۆەتە هۆی نائارامی لە ناوچەکەو ڕۆژانە خەڵک دەبنە قوربانی هیلالی شیعیو سونیو بازاری نەوت.
